Tuesday, January 15, 2013

جێبه‌جێبوونی ئۆتۆماتیكیی پلانه‌كه‌ی جۆ بایدن له‌ عیراق

حه‌وت ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، كاتێك جۆزێف بایدنی ئه‌وكات سیناتۆری دیموكراته‌كانی ئه‌مریكا له‌سه‌ر ویلایه‌تی دیلاوه‌یر پلانی دامه‌زراندنی سێ هه‌رێمی فیدرالی كوردی، سوننی و شیعی له‌ عیراق خسته‌ به‌رده‌م داڕێژه‌ڕانی سیاسه‌تی ئه‌مریكا، ناڕه‌زایێكی سه‌رتاسه‌ری دژی ئه‌و پلانه‌ عیراقی گرته‌وه‌. ئه‌وكاته‌ زۆربه‌ی هێزه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی عیراق كه‌وتنه‌ دژایه‌تی كردنی پلانه‌كه‌ی بایدن، جگه‌له‌ كورد، كه‌ جێبه‌جێكردنی ئه‌م پلانه‌ هێنانه‌ دی خه‌ونی له‌ مێژینه‌یانه‌ بۆ سه‌ربه‌خۆیی و جیابوونه‌وه‌ له‌ عیراقی عه‌ره‌بی. ئه‌م ترسه‌ی عیراقیه‌كان ئه‌وه‌نده‌ی تر زیادی كرد كاتێك ئۆباما هاوڕێ به‌ ته‌مه‌ن و پڕ ئه‌زموونه‌كه‌ی خۆی، جۆزێف بایدنی بۆ جێگری سه‌رۆكی ئه‌مریكا كاندید كرد. ئه‌و كات زۆربه‌ی بۆچوونه‌كان پێیان وابوو ئه‌گه‌ر بایدن ده‌ستبه‌كار بێت، ئه‌وه‌ مانای یه‌كسه‌ر دابه‌شبوونی عیراقه‌ له‌ چوارچێوه‌ی پلانه‌ پێشنیازكراوه‌كه‌یدا، كه‌ به‌ڕای هه‌ندێك چاودێر جێبه‌جێكردنی ئه‌و پلانه‌ له‌و كاته‌دا ده‌بووه‌ هۆی ناسه‌قامگیری سه‌رتاسه‌ری له‌ ناوچه‌كه‌دا. 

دوای ده‌ستبه‌كار بوونی ئۆباما و بایدنی جێگری، بۆ خۆدوورخستنه‌وه‌ له‌ ناڕه‌زاییه‌كانی وڵاتانی ناوچه‌كه‌ و نیشاندانی نیه‌ت پاكی ئیداره‌ی ئۆباما، ئه‌مریكا پاشگه‌زبوونه‌وه‌ی خۆی له‌ پێشنیازه‌كه‌ی بایدن ڕاگه‌یاند و ئه‌و كاته‌ له‌سه‌ر زاری چه‌ند دیپلۆماتكارێكی ئه‌مریكی ڕاگه‌ینرا كه‌وا ئه‌مریكا نایه‌وێت ئه‌زموونی یۆگسلافیا له‌ عیراق دووباره‌ بێته‌وه‌. 

ئه‌م پاشگه‌زبوونه‌وه‌یه‌ی ئه‌مریكا له‌ پلانه‌كه‌ی بایدن بووه‌ مایه‌ی خۆشحاڵی عه‌ره‌به‌ نه‌ته‌وه‌ په‌رسته‌كانی سوننه‌ و شیعه‌، و له‌ هه‌مان كاتدا مایه‌ی ناڕه‌حه‌تی بوو بۆ كوردی عیراق. لێره‌دا ده‌كرێ بپرسین، ئایا پاشگه‌زبوونه‌وه‌ی ئه‌مریكا له‌ پلانه‌كه‌ی بایدن بۆته‌ هۆی ڕه‌واندنه‌وه‌ی ترسی دابه‌شبوونی عیراق؟ به‌ چاوخشاندنه‌وه‌ به‌ ڕووداوه‌كانی چه‌ند ساڵی رابردوو به‌ ڕوونی بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ چۆن عیراق به‌ پێی خۆی به‌ره‌و پلانه‌كه‌ی بایدن هه‌نگاوی گه‌وره‌ ده‌نێت. 

سه‌ره‌تا داهێنانی مۆدێلی دابه‌شكاری (محاصصه‌) تائیفی و ئیتنی له‌ نێوان پێكهاته‌كانی عیراق (سوننه‌، شیعه‌ و كورد) و كردنی به‌ بنه‌مایه‌ك بۆ پرۆسه‌ی سیاسی عیراق خۆی له‌ خۆیدا دانانی به‌ردی بناغه‌ی پلانه‌كه‌ی بایدنه‌ له‌م وڵاته‌ ده‌ستكرده‌دا كه‌ له‌وه‌ته‌ی دروستبوونیه‌وه‌ نه‌ سه‌قامگیری و نه‌ حوكمێكی دیموكراسی به‌خۆیه‌وه‌ نه‌دیوه‌. له‌دوای رووخانی ڕژێمی سه‌دام حوسێن، سه‌رجه‌م هه‌ڵبژاردن و ده‌نگدانه‌كانی عیراق له‌ قاڵبی به‌رته‌سكی تائیفی و ئیتنی ده‌ربازیان نه‌بووه‌، به‌ جۆرێك كه‌ ده‌نگده‌ری كورد ده‌نكی بۆ كورد، سوننه‌ بۆ سوننه‌ و شیعه‌ش بۆ شیعه‌ بووه‌. باشترین نموونه‌ دوایین هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانیی وڵاته‌ كه‌ له‌ ئاداری 2010 به‌ڕێوه‌چوو و له‌ ئه‌نجامدا وڵاتێكی ناسه‌قامگیر زیاتر له‌ نۆ مانگی بێ حكومه‌ت و ده‌سه‌ڵاتێكی شه‌رعی به‌ڕێكرد به‌هۆی ڕێكنه‌كه‌وتن له‌سه‌ر ناونانی سه‌رۆك وه‌زیران كه‌ ئایا له‌ لیستی هاوپه‌یمانی نیشتیمانی شیعه‌كان بێت یان لیستی عیراقیه‌ كه‌ خاوه‌نی زۆربه‌ی ده‌نگی سوننه‌كان بوو.

موژده‌ی دروستبوونی حكومه‌تی عیراق له‌ چوارچێوه‌ی ڕێككه‌وتننامه‌ی هه‌ولێر زۆری نه‌خایاند و جیاوازییه‌كانی نێوان هاوبه‌شانی كابینه‌كه‌ی مالیكی ته‌قییه‌وه‌. ئه‌ڵبه‌ته‌ ڕه‌وكردنی به‌هاری عه‌ره‌بی به‌ره‌و ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست و گه‌یشتنی به‌ سوریای دراوسێ كاریگه‌ری زۆری هه‌بوو له‌سه‌ر زه‌قبوونه‌وه‌ی جیاوازی نێوان پێكهاته‌كانی عیراق. 

ده‌وڵه‌تی عیراق به‌ فه‌رمانڕه‌وایی شیعه‌كان نامۆیه‌. عیراقێك كه‌ زیاتر له‌ هه‌شتا ساڵی ژێرده‌سته‌یی فه‌رمانڕه‌وایی ئاگر و ئاسنی سوننه‌ی كه‌مینه‌ی به‌سه‌ر برد. به‌ پالپشتی ئێران، كارێكی ئاسته‌م نه‌بوو بۆ شیعه‌كان تا مه‌رامی پاوانخوازی خۆیان نیشانی هاوبه‌شه‌ سوننه‌ و كورده‌كانی پرۆسه‌ی سیاسی بده‌ن له‌ دوای كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا. یه‌كه‌م هه‌نگاویشیان هێرش كردنه‌ سه‌ر تاریق هاشمی جێگری سه‌رۆك كۆماری عیراق بوو، كه‌ سه‌ركرده‌یه‌كی دیاری سوننه‌ی عیراقه‌ و به‌ ته‌نیا خاوه‌نی ده‌نگی زیاتر له‌ دووسه‌د هه‌زار ده‌نگده‌ری هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی ئاداری 2010 بوو. هێشتا كێشه‌ی تاریق هاشمی یه‌كلا نه‌كرابۆوه‌، به‌غدا ده‌ستی كرد به‌ دروستكردنی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی دیجله‌ بۆ نیشاندانی هێزی سه‌ربازی ده‌وڵه‌ت دژی هه‌رێمی كوردستان. 

له‌ عیراقی ئه‌سیری كاریگه‌رییه‌ هه‌رێمییه‌كانی ئێران له‌ باشوور و توركیا له‌ باكوور و خۆرئاوا، نامۆ نییه‌ ئه‌گه‌ر ببینین سه‌رۆك وه‌زیران فه‌رمان ده‌ربكات بۆ هێرشكردنه‌ سه‌ر ئۆفیسی وه‌زیری دارایی كابینه‌كه‌ی خۆی و پاسه‌وانه‌كانی ده‌ستگیر بكرێن. به‌ كورتی، ئه‌زموونی چه‌ند ساڵی ڕابردووی پێكه‌وه‌ ژیانی عیراقییه‌كان له‌ چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌تێكی مه‌ركه‌زیدا سه‌لماندی كه‌ له‌ دروستكبوونی قه‌یران و ته‌نگژه‌ی یه‌ك له‌دوای یه‌ك زیاتر هیچ به‌رهه‌مێكی تری نابێت. 

خۆپیشاندانه‌كان، هه‌نگاوی گه‌وره‌ به‌ره‌و دابه‌شبوون

ئه‌و خۆپیشاندانانه‌ی له‌ ئه‌نجامی هێرشكردنه‌ سه‌ر ئۆفیسی رافع عیساوی وه‌زیری دارایی له‌ پارێزگا سوننه‌نشینه‌كاندا سه‌ریان هه‌ڵدا، پێی ناوه‌ته‌ هه‌فته‌ی سێیه‌م و نه‌ك هه‌ر كپ نه‌بۆته‌وه‌، به‌ڵكۆ بۆته‌ هۆی سه‌رهه‌ڵدانی خۆپیشاندانی پێچه‌وانه‌ له‌ پارێزگا شیعه‌نشینه‌كاندا. 
ده‌ستپێكردنی خۆپیشاندانه‌كانی سوننه‌كان و به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاڵا و دروشمی سه‌رده‌می به‌عس له‌ ئه‌نبار و تكریت، نیگه‌ڕانی زۆری لای شیعه‌كان دروست كرد و ئه‌وانیشی هێنایه‌ سه‌ر شه‌قام. كاریگه‌رترین دیمه‌ن ده‌ركه‌وتنی له‌ناكاوی عیزه‌ت دوری جێگری پێشووی سه‌دام حوسێن بوو كه‌ تێیدا وه‌ك هه‌میشه‌ هه‌ڕه‌شه‌ی له‌ناوبردنی شیعه‌ی كرد. 

له‌ كاتێكدا هێزه‌ سوننیه‌كان خه‌ریك بوو له‌ دژی مالیكی یه‌كیان ده‌گرت، ده‌ركه‌وتنی عیززه‌ت دوری بیانوێكی باشی دایه‌ ده‌ست شیعه‌كان بۆ ئه‌وه‌ی بڕژێنه‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان و ئه‌وانیش لای خۆیانه‌وه‌ ناكۆكییه‌كانیان وه‌لاوه‌ بنێن و جۆرێك له‌ یه‌ك ڕیزیان تێدا دروست بوو بۆ وه‌ستانه‌وه‌ له‌ دژی دووباره‌ بوونه‌وه‌ی مۆته‌كه‌ی حیزبی به‌عس. ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ چه‌ند مانگێكه‌ هێزه‌ سیاسیه‌كانی هه‌رێمی كوردستانیش به‌ یه‌كگرتوویی دژی هه‌ژموونی عه‌ره‌بی به‌ گشتی و شیعه‌ به‌ تایبه‌تی وه‌ستاونه‌ته‌وه‌.

ئه‌م قه‌یرانه‌ی ئێستای نێوان شیعه‌ و كورد له‌ لایه‌ك و شیعه‌ و سوننه‌ له‌ لایه‌كی تر، بۆته‌ هۆی شه‌حن كردنه‌وه‌ی هه‌رسێ پێكهاته‌كه‌ به‌ هه‌ستی ئایینی و تائیفی و نه‌ته‌وه‌یی دژ به‌ یه‌كتری. له‌ هه‌مان كاتدا، چانسێكی زێڕینی بۆ حیزبه‌ تائیفی و ئیتنیه‌كانی عیراق به‌ كورد و سوننه‌ و شیعه‌وه‌ دروستكردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنی خۆیان له‌ چوارچێوه‌ی قه‌یرانه‌كاندا ئه‌نجام بده‌ن. 

هاوشێوه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی پێشوو، سیناریۆی دابه‌شبوونی تائیفی و ئیتنی دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌ و دیسان كورد و سوننه‌ و شیعه‌، هه‌ر یه‌كه‌یان به‌ جیا ده‌چنه‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانه‌وه‌. ئه‌م راستیه‌ش له‌ تۆماركردنی ناوی قه‌واره‌ سیاسیه‌كان له‌ كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عیراق بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان به‌رجه‌سته‌ بوو. به‌مجۆره‌ ئیدی پرۆسه‌ی سیاسی له‌ عیراقدا له‌سه‌ر ئه‌م شێوه‌ دابه‌شبوونه‌ تائیفی و ئیتنیه‌ ده‌ق ده‌گرێت و به‌ تێپه‌ڕبوونی كات گروپه‌ جیاوازه‌كانی عیراق لێك دوورده‌كه‌ونه‌وه‌ و په‌یوه‌ندی نێوان پێكهاته‌كان به‌ره‌و لێكترازانی هه‌میشه‌یی ده‌چێت. 

به‌م شێوه‌یه‌، ده‌كرێت بوترێت هه‌موو ئه‌و ڕووداو و حاڵه‌تانه‌ی له‌سه‌ره‌وه‌ باسكران ئاماژه‌یه‌كی ڕوونه‌ بۆ له‌سه‌رخۆچوونی عیراق به‌ره‌و دابه‌شبوون به‌ شێوه‌یه‌ك كه‌ یه‌ك بگرێته‌وه‌ له‌گه‌ڵ پلانه‌ پێشنیاز كراوه‌كه‌ی جۆ بایدن. له‌ ماوه‌ی چه‌ند ساڵی داهاتوودا ڕه‌نگه‌ خه‌ڵكی عیراق بگه‌نه‌ ئه‌و حه‌قیقه‌ته‌ی كه‌ گونجاوترین چاره‌سه‌ری دوور له‌ توندوتیژی بۆ ده‌یان كێشه‌ی ئاڵۆزی كه‌ڵه‌كه‌ بوو له‌ نێوانیاندا، ته‌نیا به‌ دابه‌شبوون بۆ سه‌ر سێ قه‌واره‌ی كوردی، سوننی و شیعی ده‌بێت. 


كارۆخ نوره‌دین خوێنده‌وانی ماسته‌ره‌ له‌ به‌شی سیاسه‌ت و په‌یوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كانی زانكۆی كوردستان – هه‌ولێر.

ئه‌م بابه‌ته‌ بۆ یه‌كه‌مجار له‌ سایتی خه‌ندان بڵاو كرایه‌وه‌.
http://bit.ly/11w9SUz

No comments:

Post a Comment